کوڕی گەورە سەرمایەدارێكی کورد: هیچ شوێنێک نیيە لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ئاسوودە بەخش بێت وەکو سلێمانی

کوڕی گەورە سەرمایەدارێكی کورد: هیچ شوێنێک نیيە لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ئاسوودە بەخش بێت وەکو سلێمانی

کوڕی گەورە سەرمایەدارێكی کورد: هیچ شوێنێک نیيە لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ئاسوودە بەخش بێت وەکو سلێمانی

خێزان
زرنگ فاروق مستەفا دەرچووی کولێژی وێستمنستەری بەریتانییە لە بەشی ئەندازیاریی گەیاندن، لە گەڕەکی تووی مەليک لە شاری سلێمانی لە دایک بووه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری له‌یالنا وه‌ڵامی زۆر پرسیاری له‌ باره‌ی ژیانی خۆیه‌وه‌ داوه‌ته‌وه‌.

باوەڕت بە چ ووتەیەك هەیە لە ژیانتدا؟
زرنگ فاروق مستەفا: یەکێك لەو ووتانەی کە زۆر باوەڕم پێی هەیە لە ژیانمدا، " کەم بژی و کەڵ بژی" یە. ئەمەش بە مانای ئەوەی ئەگەر دەژیت، ئەبێت بە جۆرێك بژیت کە هەموو ئینێرجیەکی خۆت بەکاربهێنیت لەوەی کە باوەڕت پێی هەیە بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ. ئیتر ئەگەر ئەمە سیاسەت بێت یان ئابووری، میدیا، تەندروستی و...هتد. ئینێرجیش هەموو کات هەموو کەس نیەتی، لەم کاتەدا ئەبێت وا لە خۆمان بکەین بەدەستی بهێنین.

باوەڕت بە بورجەکان هەیە؟ وبورجەکەی خۆت چییە؟
زرنگ فاروق مستەفا: سەرەتا زۆر باوەڕم بە کەلووەکان (بورجەکان) هەبوو، بەڵام جارێکیان تاقیمکردەوە؛ هەموو کەلووەکانم خوێندەوە سەیر بوو کە هەمووی لەسەرم جێبەجێدەبوو، لەو کاتەوە باوەڕم پێی نەما، کەلووەکەشم نەهەنگە.

گەر تۆ کوڕی فاروقی مەلا مستەفا نەبوویتایە وەك گەنجێک ئێستا چيت دەکرد؟
زرنگ فاروق مستەفا: بێ گومان شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە کوڕی فاروقی مەلا مستەفام. بە بۆچوونی من گەر کوڕی ئەو نەبوومایە بێگوومان ئێستا لە باروودۆخێکی تردا دەبوم. بەڵام هەوڵم دەدا کە بخوێنم. ومن خۆم ئەندازیاریی گەیاندنم تەواو کردووە لە کۆلیژی وێستمنسەر وماستەرم هەیە لەو بوارەدا. کە گەڕامەوە بۆ کوردستان دووبارە ماستەرێکی دیکەم خوێند لە بەڕێوبردن وكارگێڕيدا لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی. خوێندن بەلای منەوە زۆر گرنگە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان، خوێندن وئەکادیمیا وای لێکردم کە رێگەيەکی جددی بگرم لە ژیانمدا وبۆ کار وبزنس زۆر سوودی لێوەربگرم. زانکۆی ئەمریکی - سلێمانیش بۆ من وێستگەیەکی گەورەبوو، بەراستی ئاستی زانین و خویندن لە سەر دەستی ئەو پرۆفیسۆرانەی کە لەوێ وانە پێشکەش دەکەن زۆر بەرزە وهانت دەدەن بەرەو رێگای سەرکەوتن بڕۆيت وبەرەو ئاسۆیەکی پرشنگدار ئاڕاستەت دەکەن.

تەمەنت چەند بوو کە رۆشتیتە دەرەوە؟ ڕێکەوتنی نێوان تۆ وباوکت چی بوو؟
زرنگ فاروق مستەفا: من لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا چوومە لەندەن بۆ خوێندن وپاش تەواو کردنی خوێندن لە مانگی 6ی ساڵی 2010 گەڕامەوە بۆ کوردستان. من پێشتر بەڵێنم بە باوکم دابوو کە وەك خوێندکارێك لە بەشی ناوخۆیی زانکۆ بم ولەوێ ژیانی خوێندکاریم بژیم، وگەر توانيم قۆناغی یەکەم لە بەشی ناوخۆیی وژیانی تەلەبایەتی بە سەرکووتوویی تێپەڕێنم ئەوە دوای ئەوە ئیتر دەتوانم بمێنمەوە وخوێندن لەوێ تەواو بکەم. ئەگەر نا، بڕیار وابوو بە ناسەرکەوتوویی بگەڕێمەوە.

بۆچی باوکت هەوڵی ئەوەی دەدا لە بەشی ناوخۆيی بمێنیتەوە؟
زرنگ فاروق مستەفا: راستی یەکەم جار من خۆم هەوڵمدا لەوێ بم وبخوێنم، وتۆزێ قورس بوو ئەو کات کوڕى بچووکی بڕوات لەوێ بخوێنێت، بەڵام خەڵکانێك قسەیان تێدا کرد وقەناعەتمان پێ هێنا کە رۆيشتنی من بۆ ئەوێ شتێکی پۆزەتیڤ وباشە. سەرەتای مانەوەم لە بەشی ناوخۆیی زانکۆ زۆر قورس بوو بۆم، زمانم نەدەزانی، بەڵام هەر لەوێ فێری ئینگلیزی بووم. سەرەتا مانگانە 500 پاوەنم هەبوو کە رۆژانە ٣ لەفەی شاورمەی دەکرد. بۆیە مانەوەم لە بەشی ناوخۆیی فێری ئەزموونی ژیانیکردم و وایکرد من پشت بەخۆم ببەستم وئیرادەی خۆم بەکاربهێنم. ئێستا تێدەگەم کە ئامانجی باوکم ئەوە بوو کە من هەم زانست وزانیاری بەدەست بهینم وهەم ببمە خاوەنی کەسێتییەکی بەهێز وبەئیرادە.

بە چەند قۆناغدا لەوێ تێپەڕیت؟
زرنگ فاروق مستەفا: دوای گەڕانەوەم بۆ کوردستان بە دوو قۆناغدا تیپەڕیم، تاوەکو 2007 کە ئەندازیاریم تەواو کرد بۆ چەند مانگێک بوو گەڕابوومەوە بۆ کوردستان، ودوابەوای ئەوە لە ساڵی ٢٠٠٨ماستەرەکەم دەستپێکرد تاوەکو 2010ی خایاند، ولە شەش مانگی کۆتایی 2010 کە لە لەندەن بووم بە تەواوەتی حەزم لەوێ نەمابوو، چونکە چەند پێشکەش دەکەیت وچەند فێردەبیت بە هی خۆتی نابینیت وبە هی خۆتی نازانیت، چەندیش هەوڵ دەدەیت کە بگونجێيت لەگەڵ کلتووری ئەوێ بەڵام هەر وەك کلتوورەکەی خۆمان نیيە، لێرە هاوڕێيەتی دەکەیت وبەئاسانی یەکتری دەناسی، ودەتوانی بە تەلەفونێك چەندین کار رابپەڕێنی، لەوێ ئەو شتانە زۆر زەحمەتە.

لەوەتەی گەڕاویتەتەوە کوردستان تا ئیستا چەند قۆناغت بڕیوە؟
زرنگ فاروق مستەفا: دوو ساڵی یەکەم هەر خەریکی راهێنان بووم لە کۆمپانیای ئاسیاسیڵ وەکو ئەندازیاری 'جونێر' قۆناغی یەکەمم دەسپێکرد لە بەشی RF فریکیۆینسی پلان کە پسپۆرییەکم لەوبوارەدا هێناوە... کاری ئەو بەشە ئەوەیە کە دەبێت پلانی فریکیۆینسی هەبێت بۆ هەموو ناوچەکان. لەوێوە دەستم پێ کرد، دوايی چوومە بەشی ترانزمیشن وهەموو بەشەکانم تەواو کرد جگە لە بەشی HR وژمێریاری کە لە ٢٠٠٧- ٢٠٠٨ پیایدا رۆیشتبووم، ئەو دوو ساڵە زۆر باش بوو بۆ من، توانیم ببینم بڕیاردان چۆن چۆنیە لە پەیکەری کاری کۆمپانیادا بە هەموو ئاستەکانییەوە. بەباشی تێگەیشتم کە جیاوازی چییە لە نێوان ئاست و قۆناغەکانی بڕیاردان وکارەکانیان چۆنە وپرۆسەی کارکردن لە کوێوە دەسپێدەکات ولە کوێدا کۆتايی پێدێت.. دوای ئەوە بەشێکی تازەمان کردەوە کە پێشتر ساڵی ٢٠٠٩ بیرۆکەيەکم هەبوو کە بتوانین خزمەتگوزاريەکی تازە پێشکەش بکەین بەتایبەت هەر وەك دەزانین کۆمپانیای ئاسیاسیڵ لە سەرووی ١١ ملیۆن بەشداربووی هەیە لە هەموو عێراقدا. ئەمە وای لێکردم بەردەوام بیر لەوە بکەمەوە کە چی بکەین، وچۆن بتوانین پلاتفۆرمێك دروستبکەین لەسەر پلاتفۆرمی ئاسیا وبە پێشکەوتوویی ئاسیا. لەبەر ئەوەی عێراق وهەرێمی کوردستانیش لە بانکدا سستە وکاش ماشین تاڕادەیەك بوونی نیە لە ووڵاتەکەمان، بەراورد ناکرێت بە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان. ئەمە وای کرد کە کاربکەین لە خزمەتگوزاریيەکی دیکە، هەمان شێوەی ئەو پرۆژەیە بێت کە لە دنیا باوە کە پێيدەڵێن (مۆبایل مەنی) یاخود (مۆبایل بانکینگ) کە بتوانیت لە رێگەی مۆبایلەوە بانکینگ بکەيت لەناوخۆ ودواجار لەگەڵ دەرەوەی ووڵات.

بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو بانکانەمان هەیە کە بتوانرێت ئەم جۆرە پرۆژانەیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت؟
زرنگ فاروق مستەفا:  زۆر کارم لەم پرۆژەیەدا کردووە، بۆ نموونە لە ٢٠٠٩ بە تەنیا بیرم لێدەکردەوە،ولە ٢٠١١ بە فيعلی کارم تێدا کرد، لە ٢٠١٢ پۆستێکم وەرگرت خۆم وتیمێك کە وەك پرۆژەيەك کاری تێدا بکەم.ئەوەی کە گرنگە لەم بابەتەدا چەند بەشێکە؛ یەکەمیان لەم کارەدا بانکت زۆر پێویست نابێت، لەبەر ئەوەی ئێمە زیاد لە ١٥ هەزار خاڵی فرۆشتنمان هەیە لە عێراق، لێرەدا کە تۆ بتوانیت هەر لقی بانکێك ١٠٠ ئەکاونت یان ١٠٠ بانك ئەکاونت بەرێت بەڕێوە، ئەوا لە کۆتايیدا دەتوانی ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەش بە ١١ ملیۆن بەشداربوو بکەیت، بە پێى ئەو هەڕەمەی کە پێيدا دێتە خوارێ وخزمەتگوزاریەکە ئەوەیە کە بتوانن کاش واتە پارە بخەنە سەر حیسابەکەت، لە کۆتایيدا پڕۆژەکە ئەوەیە کە ئەکاونتێکی (حسابێکی) تازە بۆ بەشداربوو بتوانین بکەینەوە، وئەکاونتی ئاسیاسێڵ نابێت،چونکە ئەوە هی تیلکۆمە وبەیاسا رێکخراوە لە رێگەی دەستەی راگەیاند وگەیاندنی عێراق، لەوێشەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام ئەمەی کە باسی لێوە دەکەین لەرێگەى بانکی مەرکەزی عێراقەوەیە کە مۆڵەتی پێ دەبەخشێت ومن خۆم وتیمەکەم لەگەڵ بانکی مەرکەزی عێراق کارمانکردووە لە ٢٠١١ەوە تا ئێستا ئەم کارە ئەنجام بدرێت. وئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتايی،وچاوەڕێين لە ماوەی مانگێکدا ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەش بکرێت بە هەموو هاوڵاتیان کە لە رێى ئەم خزمەتگوزاریەوە دەتوانن پارەی کارەبا وئینتەرنێت وپسوڵەکانی تر بدەن لە رێگەی ١٥ هەزار خاڵی فرۆشتنەوە، وتەنها بۆ ئەوانەیە کە هێڵی ئاسیاسیڵ بەکار دەهێنن. هەموو کارە تەکنیکیەکانی تەواو بووە وتەنها چاوەرێى پێدانی مۆڵەتین لە بانکی ناوەندی عێراقی، وئەم کارە سوودی بۆ هاونیشتیمانیان زۆرە بۆ نموونە لە جێگەی ئەوەی بچن لە فەرمانگەی کارەبا یان ئاویان هەر کۆمپانیایەك سەرە بگرن تا پارەی پسوڵەکانت بدەیت، لە رێگەی کورتەنامە (SMS)ەوە وەسڵت بۆ دێتەوە

تا چەند لەم کارەدا دەبێت هەماهەنگیتان هەبێت لەگەڵ دەزگا حکومیەکاندا؟
زرنگ فاروق مستەفا: دەمەوێ باس لەوە بکەم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی چەند گەنجێکی بە تواناپرۆژەی حکومەتی ئەلیکترۆنی خستە کارەوە وئەمەش کارێکی زۆر باشە بۆ ئاسانکاری پرۆژەکەی ئێمە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمتر لە حکوومەتی بەغدا هەماهەنگە لەگەڵمان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی هەرێم تووشی كێشە بوو لەگەڵ بەغدا، پارەی کەمبوویەوە وحکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی لە بانکی ناوەندی کوردستان راكێشایەوە ومووچەی فەرمانبەرانی دابەشکرد کە ئەمەش لە هەموو حیساباتێکی دنیادا کارێکی زۆر هەڵەیە وئەگەری لەناوبردنی ئابووری وڵاتانی هەیە، تەنانەت دەتوانێ بزنسی بچووك ومامناوەند لە ناوببات کە پارەیان خستوەتە بانکەوە، هەر وەک چۆن لە ساڵی ١٩٩١ بانکەکان بەتاڵ بوونەوە لە هەرێمی کوردستاندا وبەهەمان شێوە ئێستاش بەتاڵ بوونەتەوە وپارەی نەقدی خەڵکیش نەما. ئێستا ئێمە هەوڵ دەدەین لە رێگای خۆمانەوە ئەم پرۆژە گەورەیە ئەنجام بدەین وخەڵكرابهێنینەوە لەسەر ئەوەی کەوا بیروباوەڕیان بە حکومەتی ئەلکترۆنی هەبێت، چونکە گەر تۆ ئالیيەتێکی پێدانت نەبێت، نە دەتوانی مووچەیەك وەرگری لە کاتی خۆیدا ونە دەتوانی پارە بنێريت بۆ ناوەوە ودەرەوەی وڵاتەکە، تۆ ئەم خزمەتگوزاریانەشت نەبوو کە خزمەتگوزاری هەرە سەرەكی وگرنگن کە دەبێت کاریان بۆ بکرێت.

ئەم پرۆژەیە شتێکی زۆر باشی تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە هەر لەگەڵ دەسپێکردنی پرۆژەکە خەڵك خۆی پارە دەخاتە حیسابەکەیەوە وئەمەش وادەکات کە کۆمپانیای دیکە بێنە ناو ئەم بوارەوە. هەر بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە دەستێوەردانی پارەی بانکی ناوەندی هەرێم نەکات، گەر وا بکات ئەوە ئەم جارەیان سيستمەکان هیچیان ناکەونە کار وخەڵك هیچ جارێکی تر هیچ باوەڕێکی بە سیستمی بانک نامێنێت. وا ئێستا پارەی بانکی ناوەندیشیان دەرهێنا وکێشەی مووچەشیان چارەسەرنەکردووە. کەواتە، ئەمە چارەسەر نەبوو، بەڵکو گەورەکردنی کێشەی ئابووری کوردستان بوو.

پرۆژەکانی فاروقی مەلا مستەفا چین؟
زرنگ فاروق مستەفا: کاك فاروق پرۆژەی زۆرە، فاروق گروپ لە زۆربەی بوارەکاندا پرۆژەی هەیە وەك بواری پزیشکیی، پیشەسازیی،گەشتوگوزار، تیلیکۆم، ئینتەرنێت، خانووبەرەو بنیادنان. بەڵام ئەوەی کە من زیاتر کاری تێدا دەکەم سێکتەری تیلیکۆمە وزۆر حەزیشم لە بواری کۆمپانیاکانی خزمەتگواری داراییە.

لەم هەموو پرۆژە جۆراوجۆرە چەند پشتتان بە گەنجی خۆمان بەستووە؟
زرنگ فاروق مستەفا: دەتوانم بڵێم لە٩٠% پشتمان بە گەنجی خۆمان بەستووە.

پێت وایە گەنجانمان خاوەن توانان؟
زرنگ فاروق مستەفا: بەڵی. خاوەن توانايەکی زۆرن، ودەبێت وەبەرهێنان لە گەنجەکاندا بکرێت؛ گەنج دواڕۆژی کوردستانی بەدەستەوەیە.

بەڵام بۆچی شاراوەن؟
زرنگ فاروق مستەفا: من لێرەدا وەك گروپی کۆمپانیاکانی فاروق وئاسیاسیڵ وەڵام دەدەمەوە. گەنجمان هەبووە وەرگیراون وەك پسپۆری بەتوانا لە دەرەوەی ووڵات لە ووڵاتانی پێشکەوتووی جیهان. ئەمەش لە ئاکامی ئەوە بووە کە ڕاهێنانێکی تەواوی پێکراوە وهەر لە سەرەتاوە بە پرۆسەيەکی راستدا تێپەڕیوە وبەرزبووەتەوە، ئەمەش شانازیە بۆ ئێمە کە بتوانین گەنجانی لەو جۆرە لە دەزگاکانماندا پێبگەیەنین.

کەواتە پرۆژەکانتان لە سەدا چەند خزمەتیان بە گەنج کردووە، چەند هەلی کارتان تەرخان کردووە؟
زرنگ فاروق مستەفا: زۆربەی پرۆژەکانمان شێوازی نوێ بووە لە وڵاتەکەدا، بێگومان ئەم پرۆژانە بە گەنج دەکرێت وگەنج دەتوانێ لەگەڵ ئەو ستاندەر وشێوازە نوێيەدا کار بکات وبگونجێت. ئێمە بە پێشکەوتووترین سیستمی کارگێڕی کاردەکەین ولەم بوارەدا پێشەنگین.

زرنگ فاروق مستەفا: پرۆژەی تازەتان چییە بۆ گەنجان وقسەت چییە بۆ گەنجان؟
زرنگ فاروق مستەفا: پرۆژەیەکی گەورەمان هەیە بۆ گەنجان ودەمانەوێت بیکەین بە سوپرایز لە چەند مانگێکدا رایدەگەیەنین، کە لە رێگەی دارایيەوە یارمەتی زۆری گەنجان دەدات، ئەوانەی کە ئاواتيان هەیە وحەز دەکەن کاری ئەلیکترۆنی دارایی بکەن، تاکە قسەشم بۆ خوشکان وبرایان ئەوەیە کە حەز دەکەن برۆنە دەرەی وڵات، ئەوەیە کە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن و فێربوونی ئەزموونی نوێ کارێکی باشە، وبۆ وڵاتی خۆمان باشترە ئەو توانایانە بگەڕێنینەوە وئەو پێشکەوتنەی ئەوێ لە هەموو رووەکانەوە بهێنینەوە ئێرە.

هەندێ کەس گلەییان لە بەرزی نرخەکانی ئاسیاسیڵ هەیە؟
زرنگ فاروق مستەفا: بە بەراورد بە ئەو هەموو رێگر وتێچوون ونائارامی وکێشانەی لە وڵاتدا هەن، ئێمە نرخی خزمەتگوزاریی مۆبایل بە گران نازانین. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چەندین ئۆفەر وهێڵی جیاوازمان هەیە کە بەشداربووانمان دەتوانن بە نرخی کەمتر سوود وەربگرن.ئاسیاسێڵ خاوەنی فراوانترین تۆڕی پەیوەندی مۆبایلە لەهەموو کوردستان و عێراقدا ورۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی بەشداربووانمان زیاددەکەن.
نرخ هەمیشەپەیوەستە بەکوالیتی ونوێگەرییەوە وئێمە خۆمان بە پێشەنگی نوێگەری تەکنەلۆژی دەزانین وهەمیشە بەشداربووانمان تازەترینتەکنەلۆژیایان لەبەر دەستدایە. لە هەمان کاتدا، نرخی پەیوەندیکردن دەگۆڕێت بەپێی بازاڕ لە شارێك بۆ شارێکی تر بەپێی توندی کێبڕکێ.


ساڵانە چەندتان تەرخان کردووە بۆ رێکلامی ئاسیاسیڵ؟
زرنگ فاروق مستەفا: ساڵ بە ساڵ دەگۆڕێت، بەڵام ئاسیاسیڵ یەکێکە لە پێشەنگەکانی بواری رێکلام ولەمبوارەدا داهێنانی گەورەی کردووە .... ساڵانە ملیۆنەها دۆلار بۆ بەرهەمهێنان وبڵاوکردنەوەی رێکلام تەرخان دەکەین، کە ئەمەش جارێکی تر بەشداریکردنی ئێمەیە لە پێشخستنی توانا ناوخۆییەکان وبەهرەکانی وڵاتەکەمان.

سوودی هەبووە؟
زرنگ فاروق مستەفا: بێگومان.ئەوە هەشت ساڵە لەسەر یەك ئاسیاسێڵ پێشەنگی سێکتەری تیلیکۆمە لە هەموو عێراقدا. توانیومانە لە شوێنە ستراتیجییەکانی عێراق پێگەی خۆمان بەهێز بکەین، بۆ نموونە لە شارەکانی  کەرکوك وسلێمانی وبەغدا وبەسرە، ولە داهاتدا پێشەنگین ...

کە گەڕایتەوە کوردستان ئەو جیاوازیەت چۆن بينی لە رووی کۆمەڵایەتیەوە، کامیان خۆشترە یان گونجاوترە بۆ ژیان؟
زرنگ فاروق مستەفا: بەهەمووی شەش ساڵ بۆ حەوت ساڵ لەدەرەوە بووم وئەو کات تەمەنم ١٩ ساڵ بوو وتاوەکو ٢٥ ساڵی ئیتر گەڕامەوە وهاوڕێی زۆرم پەیدا کردبوو لەو ماوەیە، زۆر بەراشکاوانە دەڵێم هیچ شوێنێک نیيە لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ئاسوودە بەخش بێت وەکو سلێمانی.

شتێك کە زۆر تووڕەت دەکات لە کوردستان؟
زرنگ فاروق مستەفا: ئەوەی کە زۆر زۆر تووڕەم دەکات ئەوەیە کە سەرباری ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە خاوەن بڕیار وئیرادەی خۆمانین، دەبینین خزمەتگوزاریيە سەرەکییەکان بوونیان نیيە لێرە، هەر لە ئاو وکارەبا و ئەوانی تر...بەراستی ئەمە بێزارکەرە جگە لەوەی کە هەمووی وردە وردە دەبەسترێتەوە بە بابەتە سیاسیيەکانەوە، جگە لە نەبوونی سیستەمی ئەلیکترۆنی کە وادەکات بۆ مامەڵەيەکى بچووك بۆ نموونە تازەکردنەوەی ناسنامە دەبێت بۆ چەند کاتژمێرێك بوەستی لە بەر خۆر بێت یان باران. بێجگە لەمانە هەموو ساڵێك میدیا ولایەنە حکومییەکان ئامادەن باسی ئەوە بکەن بۆ چەند هەفتەیەك کە ئایا پەڵەی داوە یان نا، بەڵام زۆر کەم لە پێوەرە ئابوورییەکان لە هەواڵ وزانیارییە کوردییەکاندا دەخوێندرێتەوە کە ئێستا لە هەر کەسێك بپرسیت زۆر زەحمەتە بزانێت هەڵئاوسانی ئابووری رێژەکەی چەندە، کە ئەمەش یەکێکە لە پێوەرە سەرەتاییەکانی ئابووری.

شتێك زۆر دڵخۆشت بکات؟
زرنگ فاروق مستەفا: بارودۆخی ئەمڕۆی وڵاتەکە لە پارەوە کە لە شەڕێکی گەورەدایە، بەڵام رێگاکان لە نێوان شارەكان هەر وەك خۆیەتی ودڵخۆش دەبم بەوەی کە کوردستان ئارام وپارێزراو بێت وئەم شەڕە بە سەرکەوتنی خۆمان کۆتايی پێ بێت، ئەمە خۆشترین شتە بۆ من.

هاوڕێت زۆرە لە سلێمانی، تا چەند پشتیان پێ قایم دەکەيت وجێى متمانەی تۆن؟
زرنگ فاروق مستەفا: هاوڕێم زۆر زۆرە وجێى متمانەن، بەلامەوە گرنگ نیيە ئاستی ماددیان چۆنە، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە هەموویان ئاستی زانیاریان لە من بەرزترە وباوەڕم بەوە نيیە کە من کوڕە دەوڵەمەندم دەبێ هاوڕێکانم کوڕە دەوڵەمەند بن وچێژێکی تایبەت وەردەگرم لەگەڵ هاوڕێکانی منداڵیمدا.

خۆشەویسترین کەست کێیە کە حەز دەکەیت بەردەوام گوێت لە دەنگی بێت؟
زرنگ فاروق مستەفا: بیگومان باوکمە.

لەگەڵ وەرزش چۆنيت؟
زرنگ فاروق مستەفا: ماوەيەکە سەرقاڵم بە فێربوونی تێنسی سەر ئەرز وزۆر چێژی لێ دەبینم، بەراستی گەر فێر بم بەتەواوی ئەوا بە رووداوێکی گرنگی ئەزانم.

پرۆسەی هاوسەرگیريت ئەنجام داوە؟
زرنگ فاروق مستەفا: نەخێر، لەم قۆناغەدا بیری لێ ناکەمەوە، چونکە دەبێت پێشوەختە خۆم ئامادەبم ولەم کاتەدا قۆناغی پێگەیشتنی ژیانمە ودەبێت ئەو سەرکەوتنانە بەدەست بهێنيت کە پلانت بۆ دارشتووە، کە گةيشتیتە ئەو قۆناغە ئەوجا دەبێت بیر لە هاوسەرگیری بکەیتەوە، لەم کاتەدا بیری لێ ناکەمەوە ولەوانەیە لە دوو ساڵی داهاتوودا بیری لێبکەمەوە.

لەگەڵ براکەتا لە كێبرکێ نيت؟
زرنگ فاروق مستەفا: من یەک برام هەیە ئەویش کاکە زەریا یە کە پێشەنگمە وزیرەک وبەتوانایە، هەموو خەسڵەتە جوانەکانی تێدایە وزۆربەی کات یاریدەدەر ورێگە پيشاندەری من بووە  ووەکو هاوڕێمامەڵە دەکەین.

کاتتان هەیە بۆ یەکتر بینین؟
زرنگ فاروق مستەفا: کاتی بینینى یەکترمان کەمترە، باوکم ودایکم هەموو رۆژێک دەبینم بەو پێیەى لەیەك خانوودا دەژین. دوای ١٠ ساڵ بەتەنیا ژیان، یەکێك لە ساتە خۆشەکانی ژیانم ئەو بەیانیانەیە کە بە راکردن ئەڕۆم بەرەو ئیش لە رێگا لە مەتبەخ باوکم ودایکم ئەبینم نانی بەیانی ئەخۆن، دەستی هەردووکیان ماچ ئەکەم وئەچم بۆ ئیش بە زۆرترین ئینێرجییەوە.

دوا پرۆژەتان چییە؟
زرنگ فاروق مستەفا: دوا پرۆژەمان ئەوەیە کە کارێکی خۆبەخشمان هەیە لەگەڵ چەند هاوڕێيەکدا کە لە یانەی کۆمەڵایەتی کوردستان لۆبیەك دروست بکەین وچەند کۆبوونەوەيەك بکەین لەناو گەنجاندا کە تەمەنیان لە نێوان 20-45 ساڵ بێت وبە شێوەیەکی ئەکادیمی باسی بارودۆخی ئابووری بکەین وبتوانین هەندێك کەیس بجوڵێنین کە یارمەتیدەربێت لە گواستنەوەی زانیاری لە نێوان گەنجاندا کە توانای کاریگەریان هەبێت لەسەر بڕیاردەرەکان ورای گشتی، پەیامم بۆ گەنجان ئەوەیە کە بەپلەی یەکەم فێری زمان بن، چونکە زمان دەرگایەکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری.

پێش 3 هەفتە
8757 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved

ئه‌مڕۆ

نەشئەت ئەکرەم لەکوێیە؟