بەرەو ناراگۆنیا ..شێتیەتی و ڕیفراندۆم

بەرەو ناراگۆنیا ..شێتیەتی و ڕیفراندۆم


بەرەو ناراگۆنیا ..شێتیەتی و ڕیفراندۆم
پێش 1 هەفتە
102 جار بینراوە‌‌

هونەر تۆفیق

 

دەشێت ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لەو دیدەی فۆکۆ بۆ شێتیەتی هەیەتی ، پرۆسەیەکی مێژوویی بێت . فۆکۆ لە شەرحکردنی مێژووی شێتیەتیدا ، شێت وەکو ئەو جۆرە مرۆڤە نیشان نادات کە عاقڵەکان سەیری دەکەن . بەڵکە شێتی فۆکۆیی مرۆڤ گەلێکن بیرکردنەوە و تێڕوانین و فەنتازیای تایبەت بە خۆیان هەیە . تێنەگەیشتنی ئێمەیە لە بیرکردنەوەی ئەوانی شێت وامان لێدەکات ، پێمان وابێت ئێمە عاقڵین و ئەوان بێ عەقڵن . لەهەمان کاتدا بێ توانایی یان باوەڕنەبوونی شێتە بە تەعبیرکردن لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنی خۆی بۆ عاقڵ ، وادەکات عاقڵەکان پێیان وابێت ئەوانی شێت عاقڵ نین .

میشێل فۆکۆ بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی مێژووی شێتیەتی بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەش دەکات . ئەوەی بەکەڵکی خوێندنەوە فۆکۆیانەکە بێت بۆ ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان و دۆخی سیاسی ئێستای ئێمە ، قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاستی شێتێیە . کە گەشتکردنی شێتەکانە بۆ بەهەشتی ناراگۆنیا . 
ناراگۆنیا مەملەکەتی ئاسوودەیی و ئازادی و سەربەخۆییە . سیباستیان برانت لە سەدەی چوادەهەمدا لەچامەی کەشتی گێلەکاندا ،دەیکاتە ئامانجی چارەنوسسازی شێتەکان . لەو کەشتیەدا کۆمەڵێک شێت بەبێ قیبلەنما و هیچ شارەزایی و پسپۆڕیەک سواردەبن و خۆیان دەدەنە دەست قەدەر. بەنیازی گەیشتنن بە ناراگۆنیا – بەهەشتی کامەرانی . سەرنشینە شێتەکانی ناو ئەو کەشتیە سەرباری ئەوەی کەسیان لە کەشتیەوانی و هەڵسوڕانی دەفەی کەشتیەکە نازانن ، هەر لەسەرەتاوە لەنێوان خۆیاندا دەبێتە کێشە و ناکۆکیان لەسەر بەکاپتن بوون . کەشتی بەبێ کاپتن لەناو شەپۆل و زریاندا تا حەددی غەرق بوون شڵپ و هوڕ دەکات . شێتەکانیش خەریکی یەکتر کوشتن و بڕینن . هەرگیزیش ناگەن بە ناراگۆنیا .

مێژوویی بوونی ڕیفراندۆمیش لەم کەشتی و گەشتی گەیشتن بە ناراگۆنیای سەربەخۆیی کورددا لەوەدابوو ، ئێمەی شێتەکان لە دیدی ئەوانی عاقڵەکانەوە کە پێیان دەگوتین یان کاتی ئەو گەشتەتان نیە و ناراگۆنیا بەهەشتێکە لە خەیاڵ ئەو سەفەرەی بۆمەکەن . یان ئامۆژگاریان دەکردین بەوەی ئێوە کەشتیەوانتان نیە و بەبێ کاپتن خۆتان مەدەنە دەست ڕەحمەتی دەریا و زریان !! بەڵام لەهەمان کاتدا تێگەیشتنی ئەوانی عاقڵ لە ئێمەی شێت و لەبیرکردنەوە و لە تێگەیشتنمان بەشێک بوو لەهۆکاری غەرقبوون و فەوتکردنمان .

ڕەنگە مێژوویی شێتیەتیمان بەردەوام بێت . هەر بەدیدە فۆکۆیانەکە کە لەسەدەی بیستەمدا شێتیەتی پێ دەنێتە قۆناغێکی باڵاترەوە . لە بەرانبەریدا تێراپی کردن و چارەسەری سایکۆلۆژی و تەندروستی عەقڵی دێتە ئاراوە . شێت بوون وەک نەخۆشیەک دەناسرێت کە دەکرێت چارەسەری بۆ بکرێت و لەچینی بێ عەقڵیەوە بگوێزرێنەوە بۆ چینە عاقڵەکەی ناو مرۆڤایەتی . ئیتر لەپاش ئەزموونی گەشتەکەمان بۆ ناراگۆنیا . کاتی ئەوە هاتووە بەشوێن چارەسەری شێت بوونەکەمانەوە بین . وەک عاقڵەکان باسی بیرکردنەوە و تێگەیشتنمان بکەین بۆ یەکتر و بۆ ئەوانی تر.

Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved