سەعدی ئەحمەد پیرە: بە پێكەوەبوونی پارتی و یەكێتی زۆر گرفت لە كوردستان چارەسەر دەبن

سەعدی ئەحمەد پیرە: بە پێكەوەبوونی پارتی و یەكێتی زۆر گرفت لە كوردستان چارەسەر دەبن

سەعدی ئەحمەد پیرە: بە پێكەوەبوونی پارتی و یەكێتی زۆر گرفت لە كوردستان چارەسەر دەبن

 
خەڵك- بەشی هەواڵ

 ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی ئاماژە بەوە دەكات، لەم قۆناغەی كوردستاندا گرینگە پارتی و یەكێتیی پێكەوە بە هاوبەشی كاروانی خەباتی كوردایەتی بەرەو پێشەوە ببەن. دەشڵێت، لە كۆبوونەوەكاندا ئیرادەی چارەكردنی گرفتەكان هەیە.

لەبارەی گەشبینیی لایەنەكان لە دەرئەنجامی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتیی، سەعدی ئەحمەد پیرە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رابردوودا پارتی و یەكێتیی زۆر هەوراز و نشێویان بینیوە، بەڵام بە گیانفیدایی و زیانێكی زۆر و زەحمەتێكی زۆر توانییان ئەم كاروانی خەباتە بگەیەننە ئێستا و قوربانیی زۆریشیان داوە".

  گوتیشی: "ئێستا هەندێك تەنگژە هاتوونەتە پێش لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، هەروەها شەڕی دژی داعش لە ئارادایە كە ئێستا لە قۆناغی كۆتاییداین لەم شەڕە، ئەو هێزە نێودەوڵەتیانەی لێرەن بۆ پشتیوانیی كورد هاوكاری دەكەن، ئەگەر پێداچوونەوە بە نەخشەی سیاسیدا بكەین، گۆڕانكاریی گەورە و بنەڕەتی ڕوو دەدات، لێرەدا كورد بە یەكڕیزی و تەبایی، دەتوانێت دەستكەوتی گەورەی هەبێت، كوردێكی پارچە پارچە دەسكەوتی نابێت، بۆیە پارتی و یەكێتیی دەبێت ئەم قۆناغە بپارێزن و تەبایی دروست بكەن كە لە كۆبوونەوەكاندا جەختی لەسەر كراوەتەوە و باسمان لە گۆڕانكاریی داهاتووی ناوچەكە كردووە".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی دەشڵێت: "پارتی و یەكێتیی بەرپرسیارەتییەكی مێژووییان لەسەر شانە و دەبێت بە ڕوونی لەگەڵ لایەنەكان قسە بكەین، ئەو رەخنە و گازندەی ئێستا هەیە لە هەردوو حزب، لە ئەنجامی نەبوونی هاوسەنگی و زەوتكردنی مافی لایەنەكانی دیكە و پرسی دەسەڵاتە. یان ئەو تۆمەتانە لەسەر پرسی گەندەڵی، ناڕێكی لە داهات و كاری حكوومەت هەیە، لەسەر ئەوەیش قسەمان كردووە، ئێمە بۆ رابردووی خۆمان ناشرین بكەین، با لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت و كەمتەرخەمەكان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت، ئەوانەی بوختانیش دەكەن سزا بدرێن. باسی ئەوەیشمان كرد كە ئەم وڵاتە یەك هەرێمە و ناكرێت جۆرەها سیاسەتی هەبێت، لەگەڵ پارچەكانی دیكەی كوردستان، هەریەكیان بە نەوعێك مامەڵە بكەن، هەرێمی كوردستان دەبێت یەك بەرنامە و چوارچێوەی سیاسی هەبێت، لەو چوارچێوەیەدا بەرنامەی ناوخۆ و هەڵوێستمان دەبێت".

سەعیدی ئەحمەد پیرە، زیاتر گوتی: "ئیرادەی رێككەوتن هەیە، كە ئیرادە هەبوو، ئالییەت خۆی دروست دەبێت، بۆیە پارتی و یەكێتیی ئیرادەیان لەو بارەیەوە هەیە".

ئەوەیشی خستە روو: "پارتی و یەكێتیی شەرعیەتی خەڵكیان بەدەست هێناوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كراوە و دەبێت حكوومەت ببێتە بنچینە بۆ هەموو تاكێكی كۆمەڵگای كوردستان، بە پێكەوەبوونی پارتی و یەكێتییش زۆر گرفت لە كوردستان چارە دەبن كە هەردوولامان گەشبینین بە چارەكردنی گرفتەكان".

12/01/2017
346 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved