پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ بەردەوامە

پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ بەردەوامە

پێشڕەوی هێزە عیراقییەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ بەردەوامە

خەڵك ــ بەشی هەواڵ 
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ، ڕایدەگەیەنێت: هێزەكانی عێراق، ١٩٣ تیرۆریستیان كوشتووە و ژمارەیەك گەڕەك و فەرمانگەی حكوومیان كۆنتڕۆڵكردووەتەوە.

عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لە میانی شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێدا، هێزەكانی عێراق توانیویانە گەڕەكی سوكەری رۆژهەڵات و بەشێك لە گەڕەكی ٧ی نیسانی باكوور، گەڕەكی ئەفسەرانی باشوور لەگەڵ فەرمانگەكانی پۆستە و گەیاندن، دەستەی وەبەرهێنان، بەڕێوەبەرایەتی كارەبا و بارەگای ئاسایشی ناوخۆی نەینەوا لە رۆژهەڵاتی مووسڵ كۆنترۆڵ بكەنەوە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ روونیشیكردووەتەوە، لە شەڕ و پێكدادانەكاندا، هێزەكانی عێراق، ١٩٣ تیرۆریستیان كوشتووە و ١٠ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوشیان تەقاندووەتەوە.

لای خۆیەوە وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، عەمید یەحیا رەسوڵ رایگەیاند، هێزەكانی ئەمنی عێراق سەركەوتنی گەورەیان دژ بە داعش لە رۆژهەڵاتی مووسڵ بەدەستهێناوە.

لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (ئانادۆڵو) یەحیا رەسوڵ وتی: "هێزەكانی ئەمنی لەسەرجەم میحوەرەكانەوە لە پێشڕەویی دان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان بەردەوامن بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی بەشی چەپی مووسڵ و هاوكات بۆردومانە ئاسمانییەكانیش بۆ سەر شوێن و ئامانجەكانی داعش لە رۆژئاوای شارەكە بەردەوامە".

یەحیا رەسوڵ هەروەها ئاماژەی بەوە دا، كە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ كۆنتڕۆڵكردنەوەی سەرجەم گەڕەكەكانی رۆژهەڵاتی شارەكە، كۆتایی پێ دێت.

5 رۆژ پێش ئێستا
136 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved