ئاسایشی هەولێر وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە

ئاسایشی هەولێر وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە

ئاسایشی هەولێر وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە


خەڵك ــ بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ڕایدەگەیێنێت، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی بێڕێزیی بە كارمەندان كردووە و دەمانچەی لێ ڕاكێشاون و، بەڵگەشیان لەبەردەستە. دەشڵێت" سۆران عومەر بەمەبەست ئەوكارەی كردووە".

 تاریق نووری بەڕێوبەری ئاسایشی ھەولێر بە ماڵپەری فەڕمیی پارتی راگەیاندووە، ھێزەكانی ئاسایش لە ئەركی گشتیدان و خزمەت بە ھاووڵاتیان دەكەن، بەڵام كە خەڵك بە بازگەدا تێپەڕ دەبێت، ناكرێت بێڕێزیی بە كارمەندەكان بكات. هەڵبەت پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی (سۆران عومەر) بە بازگەدا ھاتووە و بێڕێزیی بە كارمەندان كردووە و دەمانچەشی لێ راكێشاون، ئەمەش لەجیاتی ئەوەی دەستخۆشییان لێ بكات، كەچی بەوجۆرە مامەڵەی لەگەڵ ئاسایشدا كردووە."

بەڕێوبەری ئاسایشی ھەولێر وتیشی "خۆی كێشەكە لەگەڵ پەرلەمانتار (سۆران عومەر)ـدا بووە و (عەلی حەمەساڵح)ـیش لەوێ بووە، خۆی (سۆران) بە مەبەست ئەو كێشەیەی دروست كردووە تا باسێك بخاتە سەر شاشەكانی تەلەڤزیۆن و تێیدا باس لەوە بكات ئاسایشی رێگری لێ كردووە."

 تارق نووری ئاشكرایشی دەكات، كە دوای ئەوەی پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ كێشەی دروست كردووە، بە ویستی خۆی گەڕاوەتەوە و نەھاتووەتە ھەولێر، وتیشی "ئێمە بەڵگەمان لەدەستدایە، ڤیدیۆكە ھەیە كە چۆن دێت و بێڕێزیی بە ئاسایشەكان دەكات و دمانچەیان لێ ڕادەكێشێت."

 تارق نووری ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەكاتەوە كە ئەم ڕووداوە بەرنامە بۆ داڕێژراو بووبێت و بە ناڕاست وەسفی دەكات. دەشڵێت "رۆژانە پەرلەمانتار ھاتووچۆ دەكەن، بەڵام ھەندێك رێكار ھەن لە بازگەكان پێویستە بگرینە بەر؛ لەبەر ئەوەی ئەوەی ئێمە لە بەغدا و شارەكانی دیكە جیا دەكاتەوە، بازگەكانەن و ئەگەر ئەو بازگانەش نەبن، ئەوەی خۆی لە بەغدا دەتەقێنێتەوە، دێتە ھەولێریش ئەو كارە دەكات. جا لەبەرئەوە كە ئەركی كارمەند و ئاسایشی بازگەكان پریسار و پشكینە، جا پێویستە ئەوەی بە بازگانەدا ڕەت دەبێ، لێپرسین و پشكنین بۆ ھەموو كەسێك بێ جیاوازی بكرێت، بەڵام ڕاستییەكەی وایە كە (سۆران عومەر) ئەمە ھاتووە بێرێزیی كردووە و دەمانچەی لە ئاسایش دەرهێناوە."

11/01/2017
405 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved