نێچیرڤان بارزانی، بەرهەم ساڵح، عومەر فەتاح و عیماد ئەحمەد 160 هەزار كەسى حزبى بە نایاسایی خانەنشین دەكەن

نێچیرڤان بارزانی، بەرهەم ساڵح، عومەر فەتاح و عیماد ئەحمەد 160 هەزار كەسى حزبى بە نایاسایی خانەنشین دەكەن

نێچیرڤان بارزانی، بەرهەم ساڵح، عومەر فەتاح و عیماد ئەحمەد  160 هەزار كەسى حزبى بە نایاسایی خانەنشین دەكەن

 

خەڵك- بەشی هەواڵ

لە هەرێمی كوردستان 232 هەزار مووچەخۆری خانەنشینكراو هەن كە هەندێكیان بە "نایاسایی" خانەنشین كراون، بەرپرسی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان دەڵێت  "ئەگەر چاكسازی لە لیستی خانەنشیناندا بكرێ، 70%ی پاشەكەوتی مووچە چارەسەر دەبێ‌".

د.ئاراس خۆشناو، بەرپرسی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان بە كەناڵی (رووداو)ی  سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت "لە هەرێمی كوردستان 232 هەزار مووچەخۆری خانەنشینكراو هەن، بەڵام هەموویان شایستەی ئەوە نین مووچەی خانەنشینی وەربگرن، تەنیا 70 هەزار كەس شایستەن ئەو مووچەیە وەربگرن. بۆیە نزیكەی دوو لەسەر سێی سەرجەم مووچەخۆرانی خانەنشینكراو شایانی پێداچوونەوەن بە مووچەكانیاندا".

د.ئاراس خۆشناو ژمارەی ئەو خانەنشینانەی ئاشكرا كرد كە بە گوتەی ئەو شایستەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی نین "160 هەزار كەس خانەنشینی ناشایستەن كە 100 هەزاریان سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن، 60 هەزاریشیان سەر بە پارتی و حیزبەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانن".

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان نەیشاردەوە كە لەنێو بزووتنەوەكەیاندا "خانەنشینی ناشایستە" هەن. بەگوێرەی داتاكانی عەلی حەمەساڵح، یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان 6680 خانەنشین، 4180 كەمئەندامی سەنگەر، 30 هەزار و 397 موتەفەریقە و 450 پەككەوتەی هەیە كە سەرجەمیان دەكاتە 41 هەزار و 707 خانەنشین. 

هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستانیش 38 هەزار و 522 خانەنشین، 3500 كەمئەندامی سەنگەر و 27 هەزار خانەنشینی شۆڕشی ئەیلولی هەیە كە سەرجەمیان دەكاتە 69 هەزار و 22 خانەنشین. 621 كەسیش لەنێو پارتی و یەكێتیدا بە هاوبەشی خانەنشین كراون.

سەبارەت بە چۆنیەتی خانەنشینكردنی ئەو كەسانە، د.ئاراس خۆشناو دەڵێت "بەشێكی خانەنشینەكان بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی دەگەڕێتەوە، زۆربەی خانەنشینەكانی یەكێتی بە واژۆی د.بەرهەم ساڵح، سەرۆكوەزیرانی پێشووی حكومەت. عومەر فەتاح، سەرۆكی حكومەت لە ئیدارەی سلێمانی و عیماد ئەحمەد، جێگری پێشووی سەرۆكوەزیران كراون. خانەنشینەكانی پارتیش بە واژۆی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی كراون".

بە گوتەی د.ئاراس، مانگانە 109 ملیار دینار دەدرێتە خانەنشینان. ناوبراو دەڵێت "ئەگەر چاكسازی لە لیستی خانەنشیناندا بكرێ‌ و ئەوانەی بە ناشایستەیی مووچە وەردەگرن لە لیستەكەدا دەربهێنرێن، ئەوا 70%ی كێشەی پاشەكەوتی مووچە چارەسەر دەكرێ‌".

ئەحمەد رێكانی ئەندانی دەستەی مافی گشتی لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی پێشتر رایگەیاندبوو، دۆسیەی نزیكەی 500 خانەنشینی نایاساییان رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام ئەوان لە جیاتی ئەوەی لەلایەن خۆیانەوە مووچەی ئەو خانەنشینە نایاساییانە ببڕن، دۆسیەكەیان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە.

رێكانی گوتبووی "لە ئەنجامی بەدواداچوونێكی ورد بۆمان دەركەوت نزیكەی 500 كەس بە نایاسایی خانەنشین كراون، خەڵك هەیە بۆ یەك رۆژ فەرمانبەر نەبووە، بەڵام بە پلەی وەزیر خانەنشین كراوە. هەشبووە بەڕێوەبەری گشتی بووە، بەڵام بە پلەی جێگری وەزیر خانەنشین بووە". بەپێی گوتەی ئەو ئەندامەی داواكاری گشتی "خانەنشینی نایاسایی یەكێكە لە مەلەفە گەورەكانی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان"

7 رۆژ پێش ئێستا
778 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved