مێژووی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی سوپای عێراق

مێژووی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی سوپای عێراق

مێژووی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی سوپای عێراق

 
خەڵك- بەشی هەواڵ

رۆژی 6 كانوونی دووەمی 1921 سوپای عێراق لەسەردەمی مەلیك فەیسەڵی یەكەم و بە پاڵپشتی بەریتانیا دروستكرا و لە ماوەیەكی كەمدا بووە یەكێك لە سوپا گەورە و زەبەلاحەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.

ئەم سوپایە، نەك هەر وەك دامەزراوەیەكی سەربازی رۆڵی گەورەی هەبوو لە پاراستنی سنورەكانی وڵاتدا، بەڵكو بووە ئامرازێك بۆ داپڵۆسینی سیاسی و گرتنەدەستی دەسەڵاتیش، بەتایبەتی تەنها دوای 15 ساڵ لە دروستكردنی یەكەم هەوڵی كودەتا لەلایەن بەكر سدیقەوە درا، كە ئەفسەرێكی باڵای كوردی سوپای عێراق بوو، بەڵام هەوڵەكەی سەركەوتوو نەبوو.

دوای داگیركردنی تەواوی عێراق و نەمانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، بەریتانیا هەستی بە بۆشایی ئەمنی و سەربازی گەورە دەكرد لە عێراقدا، بەتایبەتی حكومەتی مەلیك فەیسەل تەنها رواڵەتی بوو، ئینگلیزەكان خۆیان كاروباری عێراقیان بەڕێوەدەبرد و هەیمەنە و دەسەڵاتی دەوڵەت نەگەیشتبووە هەموو ناوچەكانی عێراق و خێڵەكانی عێراق دەسەڵاتی تەواویان لە ناوچەكانی خۆیاندا هەبوو و چەندین سەرئێشەی ئەمنی و سەربازیان بۆ بەریتانیا دروست كردبوو، بەتایبەتی هەڵگیرساندنی شۆڕشی بیست لە ناوچەكانی باشوری عێراق و شۆڕشی شێخ مەحمود و هەندێك سەرۆك خێڵی تر لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە دەوڵەتی پادشای بەریتانیا پێویستی بە دروستكردنی هێزێكی سەربازی هەبوو، كە بتوانێت جڵەوی ئەمنییەتی عێراق بگرێتەدەست و لەلایەن هێزەكانی ئینگلیزەوە كۆنترۆڵبكرێت، سەرباری ئەوەی سوپا لە بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكەدا هەبوو، لە نێویاندا دروستبوونی دەوڵەتێكی بەهێز لە ئێران لەلایەن رەزا شای پەهلەوییەوە و مەترسی دروستكردن لەسەر سنورەكانی عێراق.

ئەفسەرەكانی سوپای عێراق زۆرترین هەوڵی كودەتایانداوە بە بەراورد بە ئەفسەرە باڵاكانی سوپای وڵاتانی ناوچەكە و عێراقیش خاوەنی زۆرترین حكومەتی سەربازی بووە، ئەویش بەهۆی نەبوونی مەركەزییەتێكی تەواو لە عێراق و تموحی بەردەوامی سوپا بۆ كۆنترۆڵكردنی سیاسەت. 
 لە 1936 یەكەم هەوڵی كودەتا لە مێژووی سوپای عێراقدا تۆماركرا، بەڵام هەوڵەكە بەیارمەتی ئینگلیزەكان كۆتایی بێهێندرا، پێنج ساڵ دواتر رەشید عالی گەیلانی، كە ئەفسەرێكی پلەباڵای سوپای عێراق بوو بە هەمان شێوە شۆڕشێكی لە نێو سوپای عێراقدا لە دژی ئینگلیزەكانی پەرپاكرد، لەكاتێكدا جیهان لە نێو رووداوە گەرمەكانی جەنگی دووەمی جیهانیدا دەكوڵا، هەوڵەكە دەسەڵاتی مەلیكی كەمكردەوە، بەڵام نەیتوانی كۆتایی بەسیستمی پادشای بهێنێت.

كاریگەرترین كودەتا، یان ئەوەی بەشێك لە عێراقییەكان بە شۆڕشی ناودەبەن، لە ساڵی 1958 و بە دیاریكراوی لە بەرەبەیانی رۆژی 14 تەمموزدا روویدا و تێیدا عەبدولكەریم قاسم دەسەڵاتی گرتەدەست و كۆتایی بەدەسەڵاتی پادشای هات و مەلیك فەیسەڵی دووەم كوژرا.

دەسەڵاتەكەی قاسم تەنها پێنج ساڵی خایاند و لە ساڵی 1963، عەبدولسەلام عارف كودەتای بەسەر عەبدولكەریم قاسمدا كرد و كوشتی و ئیتر لەو كاتەوە دەسەڵاتی بەعس دەستی پێكرد.

پەیوەندی ئەفسەرە بەعسییەكان زۆری نەخایاند و سێ‌ ساڵ دواتر كودەتای دووەمی بەعسییەكان دەستی پێكرد و مەبەستیان دروخستنەوەی بنەماڵەی عارفییەكان بوو لە دەسەڵاتدا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، ساڵی 1968 بەعسییەكان كۆدەتایەكی تریان ئەنجامدا و دەسەڵاتی تەواویان گرتەدەست و ئەحمەد حەسەن بەكر وەك سەرۆك كۆمار دەستنیشانكرا و سەدام حسێن وەك جێگری سەرۆك و بۆ ماوەیەكی زیاتر عێراق لە ئارامیدا مایەوە و نزیكەی 11 ساڵ عێراق لە رووی سەربازی، ئابوری و سیاسییەوە پێشكەوتنی گەورەی تۆماركرد، سەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەد حەسەن بەكر، بە سەردەمی زێڕێنی عێراق دادەنرێت، لە ساڵی 1972 دا نەوتی وڵات خۆماڵی كرا و دەزگاكانی، تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، خزمەتگوزارییە گشتییەكان، ئەمنییەتی هاوڵاتیان زیاتر بوون و هەناردەی نەوتی عێراقیش زیادكرا.

دوای 11 ساڵ سەدام حسێن دواین كودەتای بەسەر هاوڕێكەیدا تۆماركرد و لە ساڵی 1979 دا ناچاریكرد واز لە دەسەڵات بهێنێت، هاتنی سەدام بۆ لوتكەی دەسەڵات زۆر گۆڕانكاری گەورەی دروستكرد و سوپای عێراقش پشكی گەورەی لەو گۆڕانكارییانەدا بەركەوت.
سەرۆك كۆماری عێراق ئەفسەرە دڵسۆز و نیشتیمانییەكانی عێراقی لە كارەكانیان دورخستەوە و كەسانی نزیكی خۆی لە شوێنەكانیان دانا، خول و پەیمانگای سەربازی گەورەی كردەوە و ئامادەكاری بۆ شەڕی گەورە دەست پێكرد.

پێش هاتنی سەدام حسێن بۆ دەسەڵات سوپای عێراق بەشداری چەند شەڕێكی گەورەی كردبوو، بەتایبەتی شەڕەكانی 1948، 1968 و 1973 ی عەرەب- ئیسرائیل و رۆڵی بەرچاویشی هەبوو، بەڵام شەڕی راستەقینەی سوپای عێراق لە ساڵی 1980 ەوە دەستی پێكرد.
رۆژی 22 ئەیلولی 1980 بە فەرمانی سەدام حسێن، سوپای عێراق شەڕێكی گەورەی دەستپێكرد و نزیكەی 8 ساڵی خایاند.

دوای تەنها دوو ساڵ جارێكی تر سوپای عێراق كوەیتی داگیركرد و بەوەیش هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی هێرشیانكردەسەر سوپای عێراق و لە كوەیت دەریانكرد و عێراق لەم شەڕانەدا زیانی زۆری گیانی و ماددی پێگەیشت و زۆربەی توانا سەربازییەكانی تێكشكا.
لە ماوەی دەسەڵاتی سەدام حسێندا، هیچ ئەفسەرێكی سوپای عێراق نەیتوانی كودەتا بكات، هەرچەندە چەند هەوڵێك بۆ ئەو كارە هەبوون، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی نەوەدەكاندا و لە كاتی هێرشی ئەمەریكادا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 دا.

دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانانەوە لە نیسانی 2003 دا، سوپای عێراق بە تەواوەتی بێ‌ سەرپەرشتیار مایەوە و زۆربەی ئەفسەرەكانی كوژران یان وڵاتیان بەجێهێشت و رۆژی 23 ئایار بە بڕیاری پۆل بریمەر هەڵوەشێندرایەوە و جارێكی تر دروستكرایەوە.

مێژووی دەیەی كۆتایی سوپای عێراق، مێژوویەكی پڕ خوێناوی شكستە بەتایبەتی سوپای عێراق لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا، سەرباری سەرفكردنی پارەیەكی زەبەلاح نەیتوانیووە جڵەوی پاراستنی سنورەكان و ئەمنیەتی ناوخۆ بگرێتە ئەستۆ و رووبەڕووی چەندین شكستی گەورەبووەتەوە، بەتایبەتی كشانەوەی لە موسڵ لە حوزەیرانی ساڵی 2014دا و تەسلیمكردنی چەك و تەقەمەنی شەش فرقە بە چەكدارانی داعش.

ئێستا سوپای عێراق دوای 96 ساڵ هێشتا سوپایەكی یەكگرتوو و بەهێز نییە، بەڵام خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێزە و ئێستا لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی روومادی و تكریت و فەلوجە و بێجی و قەزا و ناحیەكانی دیكە خەریكی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ و ناوچەكانی خۆرئاوای پارێزگای ئەنبارە.

پێش 2 هەفتە
3259 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved