بۆ پێش خۆرهەڵاتن لەسێدارە درا؟<br>مالكی نهێنیەكانی كاتی لەسێدارەدانی سەدام حسێن دەدركێنێت

بۆ پێش خۆرهەڵاتن لەسێدارە درا؟
مالكی نهێنیەكانی كاتی لەسێدارەدانی سەدام حسێن دەدركێنێت

بۆ پێش خۆرهەڵاتن لەسێدارە درا؟<br>مالكی نهێنیەكانی كاتی لەسێدارەدانی سەدام حسێن دەدركێنێت

خەڵك- ئومێد حسێن
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر یادی لەسێدارەدانی سەدام حسێن، سەرۆكی ڕژێمی پێشوووی عیراق لە 30ی 12ی 2006، كە هاوكات بوو لەگەڵ یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق، كە خۆی ئیمزای لەسێدارەدانەكەی كرد پەردە لەسەر چەند نهێنیەك هەڵدەماڵێت. 


ئەمریكیەكان داوای دواخستنی لەسێدارەدانەكەیان كرد
نوری مالكی، جێگری سەرۆك كۆماری عیراق، كە لە كاتی لەسێدارەدانی سەدام حسێن لە ساڵی 2006 سەرۆك وەزیرانی عیراق بوو، لەنوێترین چاوپێكەوتنێكی، كە كەناڵی حزبەكەی (حزبی دەعوە) بەناوی (كەناڵی ئافاق) بڵاویكردۆتەوە بە بۆنەی یادی لەسێدارەدانی سەرۆكی ڕۆژێمی پێشووی عیراقەوە دەڵێت: "زۆر باش هەستم بەو موئامەرەیە دەكرد، كە هەبوو لەسەر دۆسیەی سەدام حسێن".

ئاماژەی بەوەشكردووە، زۆر كەس دەیان وت، كە مالكی نایەوێت سەدام لەسێدارە بدرێت، بۆیە جۆرج بوش، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا فەرمانی لەسێدارەدانی داوە، بەڵام بابەتەكە بەو جۆرە نیە.

مالكی ئاشكراشی كرد، "ئەمریكیەكان داوایان كرد لەسێدارەدانی سەدام بۆ 15 ڕۆژ دوابخرێت، بەڵام وتم بەهیچ جۆرێك ئەوە نابێت و دەبێت لەسێدارە بدرێت، دواتر وتیان با بخرێتە دوای جەژن، بەڵام جەختم لەوەكردەوە، كە دەبێت پێش خۆرهەڵاتنی ڕۆژی جەژن لەسێدارە بدرێت".

بۆچی هەوڵی دەربازكردنی سەدام لە زیندان درا؟
نوری مالكی باسی ترسانی زۆرێك لە هاوڕێكانی دەكات سەبارەت بە لەسێدارەدانی سەدام حسێن و دەڵێت: "سەرەڕای ترسی زۆرێك لە هاوڕێكانم، بەڵام وتم ئەگەر سەدام ئەمشەو لەسێدارە نەدرێت ئەوا لە زیندانەكەی و لە عیراق-یش دەرباز دەكرێت".

ئاشكراشی كردووە، لەم دواییەدا بۆم دەركەوت، كە ڕێكەوتنێك هەبووە لەنێوان قەتەر و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تا بڕیارێك دەربكەن بۆ تانەدان لە یاسایی بوونی دادگای باڵای تاوانەكان، كە سەدامی دادگایی دەكرد و دواتر بیبەنە دەرەوەی عیراق تا بیكەنە كەرەستەی دانوستان بەوپێیەی ڕەمزی حزبی بەعس-ە.

مالكی جەختیشی كردۆتەوە، "سەرەڕای ئەو ڕووبەڕووبووونەوەیەی هەیانبووە لە سەرۆكایەتی كۆمار (كە مەبەسی ئەوەیە، جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عیراق ڕەتی كردەوە ئیمزای لەسێدارەدان بكات) هەروەكا وەزیری داد، كە خۆی لە ئیمزاكردنەكە دزیەوە، بەڵام جەختمان لە بڕیارەكە كردەوە وەك مالكی دەڵێت: "هەندێك پێیان وابوو كارێكی هەڵە دەكەین".

هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی كرد بۆ وەرگرتنەوەی سەدام لە ئەمریكیەكان
نوری مالكی لە یادی لەسێدارەدانی سەدام حسێن باسی كۆتا ڕۆژەكانی ژیانی سەدام دەكات ئەوكاتەی لە زیندانی ئەمریكیەكان دەستبەسەر بوو، دەڵێت: "بە ئەمریكیەكانم وت، پێویستە بە زوترین كات سەدام ڕادەستی عیراق بكەنەوە".

مالكی دەڵێت، "كات گەیشتبووە 3ی شەو و ئەمریكیەكانم ئاگادار كردەوە، كە ئەگەر هەر ئەمشەو سەدام ڕادەست نەكەنەوە ئەوە ناچار دەبم هێز بەكاربهێنم بۆ وەرگرتنەوە لە زیندانی ئەمریكیەكان، بۆیە ئەمریكیەكان لەداواكەیان بۆ دواخستنی لەسێدارەدانی پەشیمان بوونەوە و هەر ئەو شەوە ڕادەستیان كردینەوە".

كورتەیەك لە ژیاننامەكەی
سەدام حسێن، ناوی تەواوی سەدام حسێن عەبدولمەجید تكریتی، لە گوندی عۆجەی سەر بە تكریت لە 28ی نیسانی 1937 لەدایك بووە و لە ساڵی ١٩٦٣ لەگەڵ ساجیدە ژیانی خێزانی پێكھێنا، كە ساجیدە دوو كوڕی بوو بەناوی (عودەی و قوسەی) و سێ كچیشی لێ بوو بەناوی (حەلا و ڕەغد و رەنا).

سەدام تەمەنی ٢٠ ساڵان بوو چووە ناو حیزبی بەعس كە حیزبەكە ئایدیای لە سۆشیالیزمی بوو، لە ١٦ تەمموزی ١٩٧٩  بووە سەرۆك كۆماری عیراق و لە‌ ساڵی ٢٠٠٣ لە‌ ھێرشێكی ئە‌مریكا بۆ سە‌ر عودە‌ی و قوسە‌ی ھە‌ردووكیان لە موسڵ كوژران و لە 9ی نیسانی 2003 بە گرتنی بەغدا كۆتایی بە ڕژێمەكەی هات و لە دادگای تاوانەكانی عیراق دادگایی كرا و لە 30- 12- 2006 لەسێدارە درا.

پێش 2 هەفتە
12079 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved