چۆن لەگەڵ كچەكان ڕێكدەكەون<br>بەشێك لە مەیخانەكانی سلێمانی بوونەتە شوێنی لەشفرۆشی

چۆن لەگەڵ كچەكان ڕێكدەكەون
بەشێك لە مەیخانەكانی سلێمانی بوونەتە شوێنی لەشفرۆشی

چۆن لەگەڵ كچەكان ڕێكدەكەون<br>بەشێك لە مەیخانەكانی سلێمانی بوونەتە شوێنی لەشفرۆشی

خەڵك ـ فەرهەنگ فەرەیدون

هەندێك لەو مەیخانانەی شاری سلێمانی كە ئافرەت تێیدا كاردەكەن، جگە لە كارەكەی خۆیان لەگەڵ میوانەكاندا مامەڵەی لەشفرۆشی دەكەن و هەندێكیشیان بە بڕێك پارەی كەم ڕازیدەبن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی دەڵێت" ئێمە هیچ ئاگاداری ئەوە نین كە لەو شوێنانەدا كاری لەشفرۆشی ڕێكدەخرێت".

كوردیان تێدایە

لە یەكێك لە هۆتێلەكانی شاری سلێمانی و لە نهۆمی كۆتایی شوێنی خواردن و خواردنەوە هەیە، لەو شوێنەشدا نۆ ئافرەت كاریان دەكرد كە دووانیان كوردن.

كاتژمێر 8:00ی ئێوارە لەگەڵ هاوڕێیەكم بڕیارماندا بچینە ئەو شوێنە، لە پرسگەی هۆتێلەكە میوانەكان دەپشكنن پاشان بە بەرزكەرەوەكە (مەسعەد) دەچنە نهۆمی كۆتایی هۆتێلەكە، لەگەڵ چوونە ژوورەوەدا كۆمەڵێك ئافرەت دەبینی كە هەموویان كراسی سپییان لەبەردایە و بەشێوازێكی سەرنج ڕاگێش دەردەكەون.

 هەر لەگەڵ دانیشتنماندا یەكێك لەو كچانە هاتە لامان و دوای بەخێرهاتن پێی وتین كە چ خواردنەوەیەك دەخۆنەوە، كەمن وتم هیچ خواردنەوەیەكی كهولی ناخۆمەوە، ئەو پێم پێدەكەنی و هانیدەدام بخۆمەوە.

ئێرانییەكان بازاڕیان گەرمە

پاش ماوەیەكی دیكە یەكێكی تر لە ئافرەتەكان هات، ئەو كوردی پارچەیەکی دیکەی كوردستان بوو، باڵایەكی بەرز و پێستێكی جوان و دوو چاوی گەورەی درەوشاوەی هەبوو، بەدەم ئێمەوە پێدەكەنی و هەوڵیدەدا قسەمان لەگەڵ بكات، پاش كەمێك لە گفتوگۆكردن بە 10 هەزار دینار ژمارەكەی خۆی پێداین و ئامادەش بوو بۆ كات بەسەر بردن "سەرجێیی" لەدەرەوە بمانبینێت، بە مەرجێك ئێمە شوێنی خۆمان هەبێت.

ئەو ئافرەتە وتی: "من خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانم و لەگەڵ دایك و خوشكێكم لە سلێمانی دەژیم، لە كاتژمێر 6:00ی ئێوارەوە تا كاتژمێر 1:00 شەو لێرە كار دەكەم، مانگانە لەبەرامبەردا 700 هەزار دینار وەردەگرم، نیوەی ئەو پارەیەش دەدەم بەكرێ‌ خانوو".

ئەو ئافرەتە كوردە ئاماژەی بەوەكرد، كە هەندێك جار میوانەكان توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدەن.

ئێمە لەكاتی گفتوگۆكردا بووین، ئافرەتەكانی دیكە لەگەڵ میوانەكان قسەیان دەكرد  و پێدەكەنین، لە مێزێكەی تەنیشتمان پياوێك كە تەمەنی لەنێوان 50 بۆ 60 ساڵ دەبوو دەیچپاند بەگوێی یەكێك لەو ئافرەتانە و ئەویش پێدەكەنی، لەپاشان ژمارەیان گۆڕییەوە و پیاوەكەش بڕێك پارەی دا بە ئافرەتەكە.

لەو شوێنەدا ئافرەتێكی دیكەی كورد كاری دەكرد، ئەو ماكیاژێكی تۆخی كردبوو پرچی دەستكردیشی بۆ خۆی دانابوو كە ڕەنگی زەرد بوو ددانەكانی زەرد بوون و سوراوەكەشی سوور، سەرەتا واخۆی ناسان كە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بێت، بەڵام دواتر ئاشكرایكرد كە خەڵكی ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستانە و ماوەیەكە لەشاری سلێمانی نیشتەجێیە.

بەهەمان شێوەی ئەو ئافرەتەی پێشتر ئەمیش ئامادەبوو لەبەرانبەر بڕێك پارەدا سەرجێیی بكات، بە پێكەنینەوە دەستی دەخستە سەر شانم و وتی: "فێڵم لێنەكەی ها، پارەم دەوێت".

ئەو ئافرەتە وتی: "من چوار منداڵم هەیە و لە گەڕەكێکی سلێمانی نیشتەجێم و كرێچیم، زوو زوو جنێوی  بە مێردەكەی دەدا کە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و گەڕاوەتەوە بۆ ئەوێ‌، من تازە لێرە كاردەكەم دەبێت پێش هەموو كارمەندەكان لێرەبم، خاوەن كارەكەشم ئەوەندەی لەگەڵ ئافرەتە عەرەبەكان باشە هێندە لەگەڵ من باش نییە".

جگەر و نێرگەلە دەكێشن

شەوێكی دیكە كاتژمێر 6:00 ئێوارە چووینە یەكێك لە مەیخانەكانی شاری سلێمانی، شوێنی مەیخانەكە لەسەر شەقامێکی دیاری شاری سلێمانییە و بە تەنیشت یەكەوە پێنج مەیخانە هەیە و ڕووی دەرەوەیان شووشەیە و كچەكان لەبەردەمیدا وەستاون و جگەرە و نێرگەلە دەكێشن.

ئەو مەیخانەیەی ئێمە هەڵمانبژارد وەك هۆڵێكی گەورە كراوە بوو نزیكەی 12 مەتر درێژ بوو 7 مەتریش پان بوو، ژێرزەمینی هەبوو كە زوو زوو ئافرەت و كارمەندەكان دەچوونە خوارەوە.

پێنج ئافرەت لەوێ‌ كاریان دەكرد، یەكێك لەوانە وەك خۆی دەیوت تەمەنی 45 ساڵ بوو خەڵكی بەسرە بوو، پاش خزمەتكردن تۆزێك قسەی لەگەڵ كردین و پاشان ڕۆشت.

یەكێك لەو كەسانەی كە لەوێ‌ كاری دەكرد گەنجێكی 19 ساڵ بوو وتی: "من خەڵكی پارێزگایەکی دیکەی ھەرێمی کوردستانم و هاتوومەتە سلێمانی و ڕۆژانە لە كاتژمێر 1:00 نیوەڕۆوە بۆ 12:30 شەو لەم مەیخانەیەدا كاردەكەم، شەوانە لە هۆتێل دەمێنمەوە".

لەپاش ئەو كچێكی دیكە هاتە لامان ئەو ناوی (ت) بوو، وەك خۆی دەیوت خەڵكی شاری بەسرەیە، (ت) پێی وتین كە ناتوانێت ئەمشەو لەگەڵمان قسەبكات، "چونكە میوانی تایبەتی هەیە و دەبێت بڕواتە لای ئەوان"، لەپاشان چوو لای مێزێكی دیكە كە دوو پیاو ئافرەتێكی عەرەب بوون.

لەبەردەم دەرگای مەیخانەكە و لەكاتی ڕۆیشتنیاندا دوو كوڕ لەگەڵ یەكێك لە ئافرەتەكان قسەیدەكرد و پاشان ژمارەیان گۆڕییەوە.

لەپاش ئەو كچێكی دیكە هاتە لامان ئەو كچە جلێكی تەسكی زەردی لەبەردا بوو جەستەیەكی مام ناوەند و باڵایەكی مام ناوەندی هەبوو، گوپێكی بەرز و دوو چاوی گەورە و قژێكی درێژی ڕەشی هەبوو، تاتۆی لەسەر سنگی و ملیی و دەستی كردبوو، بنێشتی دەجوی و  زوو زوو چاوی لێ دادەگرتین و ماچی بۆ هەڵدەداین، ئەو دەیوت ئامادەیە لە دوای 12:30 شەو لەگەڵمان بێت بۆ ئەو شوێنەی كە دەمانەوێت و ئامادەش بوو سەرجێییمان لەگەڵ بكات.

ئەو كچە ناوی (ب) بوو بە ئێمەی وت: "خەڵی شاری بەغدام و تەمەنم 26 ساڵە، نزیكەی ساڵێكە لە سلێمانیم، شەوانە لەهۆتێل دەمێنمەوە".

لە پاش تۆزێك (ب) گۆرانییەكی عەرەبی لێدا و لەگەڵ هاوڕێكانی دەستیانكرد بە سەماكردن، پاش تۆزێكیش كەوتنە دەستبازیكردن و دەستبردن بۆ شوێنە هەستیارەكانی یەكتر.

گەشتوگوزار بێ‌ ئاگایە

لەو بارەیەوە یاسین فەقێ‌ سەعید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند: كارمەند خاوەن مەیخانەكە دایدەنێت و ئێمە هیچ پەیوەندیمان بە دانانی ئەوانەوە نییە، تەنها ڕێكارەكانمان لێیدەوێت وەك مۆڵەتی گەشتوگوزار و مۆڵەتی تەندروستی كارمەندەكانی.

وتیشی: "ئێمە هیچ ئاگاداری ئەوە نین كە لەو شوێنانەدا كاری لەشفرۆشی ڕێكدەخرێت، هەركاتێك ئەوەمان زانی لیژنەی تایبەتی خۆمان دەنێرین بۆ ئەو شوێنە و  ڕێكاری یاسایی خۆمان دەگرینەبەر  سزای دەدەین بە داخستن، لێسەندنەوەی مۆڵەتی كاركردن، یان سزای ئابووریان دەدەین".

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە (خەڵك)ی وت: "ئێمە ناچین بدەین بەسەر ئەو شوێنانەدا، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی سلێمانی لیژنەكان دەچنە ئەو شوێنانە و لە پاشان ڕاپۆرتی خۆیان دەنوسن و دەینێرن بۆ ئێمە بەپێی نوسراوێكی فەرمی، پاشانيش ئێمە ڕێككارە یاساییەكانی خۆمان ئەنجام دەدەین و لە پێشتریشدا چەندین شوێنی مەساج و مەیخانەمان بە هۆكاری جیاواز داخستووە".





پێش 4 هەفتە
48158 جار بینراوە‌‌


Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2016 Xelk. all rights reserved